١٩ کانوونی دووەم ٢٠٢١ - ١٣:١٩
تورکیا دەبێ ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرێت

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و و وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار سەبارەت بە گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیان کرد.

به پیی هه وال ده ریی ئالو به یت(ع) ـ ابنا ـ لە راگەیەنراوێکدا نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە کە بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار کردووە.

لە دیدارەکەدا، سەبارەت بە گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆکراوه‌ و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و پەرەپێدانی ئاسۆی ھاریکارییەکان لە بوارە جیاجیاکان کراوە، ئەوەیش بەپێی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات.

ھاوکات جەختکراوتەوە لە رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی خاکەکەی و رێگریی کردن لەوەی عێراق ببێتە گۆرەپانێک بۆ ھێرشکردنە سەر ھەر لایەنێک.

هەروەها بەرھەم ئەحمەد ساڵح جەختیکردووەتەوە لە گرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، ئەوەیش پشتبەستن بە دیالۆگی بنیاتنه‌ر بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و بەھێزکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگیی ھەرێمایەتی و درێژەدان بە جەنگ دژ بە تیرۆر و رێزگرتن لە سەروەریی و رەتکردنەوەی دەستێوەردان و دەستدرێژییەکان لەپێناو ھێنانەکایەوەی سەقامگیری ئەمنی و ئابووریی لە ناوچەکەدا.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە دیدارەکەدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەروەریی و سەقامگیریی عێراق دووپاتکردووه‌تەوە و پابەندبوونی تورکیاشی نیشانداوە لە بەھێزکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگیی لەگەڵ عێراق.